ئەربیل لایف – هەولێر
بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، ٧ی تەمموزی ٢٠٢٦، یەکێک لە گرنگترین و فراوانترین ڕووداوە هونەرییەکانی ساڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، کە تێیدا ٢٥ هونەرمەندی دیاری کوردستان لە ژێر ناونیشانی «دوای جێهێشتن – POST ABANDON» لە پیشانگەیەکی هاوبەشدا کۆدەبنەوە.
ئەم پیشانگەیە کە لە “گەلەری جیهان” لە هەولێر ڕێکدەخرێت، لەکاتژمێر ٦ی ئێوارەی سێشەممە دەکرێتەوە و تا ٣٠ی تەمموز بەردەوام دەبێت. تێیدا چەندین بەرهەمی جۆراوجۆر لە بوارەکانی (نیگارکێشان، گرافیک، پەیکەرسازی و سیرامیک) نمایش دەکرێن، کە وێنای فرەدەنگی و دۆخی هونەری هاوچەرخی کوردستان دەکەن.
ئەم کۆبوونەوە هونەرییە بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە “قەرەنی جەمیل” ڕێکخراوە، وەک وەفایەک بۆ ئەو میراتە هونەرییەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی جێیهێشتووە. لە پەراوێزی پیشانگەکەدا، مەدالیای تایبەتی “قەرەنی جەمیل” دەبەخشرێتە ١١ هونەرمەند و کەتەلۆگێکی نوێی کارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووەش دەناسرێنرێت.
لە نێو بەشداربوواندا ناوی چەندین هونەرمەندی ناسراو دەبینرێت، لەوانە: (قەرەنی جەمیل، ڕۆستەم ئاغالە، ڕێبوار سەعید، چیمەن ئیسماعیل، حەمە هاشم، فایق ڕەسوڵ، نەبەز بابان) و چەندین ناوی دیکەی دیاری نێوەندەکە.
زانیاری بۆ سەردانیکەران:
- شوێن: گەلەری جیهان – هەولێر.
- ماوەی پیشانگە: ٧ تا ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٦.
- کات: هەموو ڕۆژێک لە ٩ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە (جگە لە ڕۆژانی هەینی).
ڕێکخەرانی پیشانگەکە بانگهێشتی گشت هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و هونەردۆستان دەکەن
بۆ ئامادەبوون لەم مەراسیمە و بەشداریکردن لەم دیالۆگە هونەرییە گرنگەدا.
