تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک لە شاری هەولێر، قۆناغێکی نوێی
لە هەڵمەتی ڕێکخستنەوەی بازاڕی پردی سەیداوە ئەنجام دا و تێیدا سەرجەم ئەو
ئاستەنگییانە لادران کە ببوونە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی هاووڵاتییان و شۆفێران.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو تیمەکانی شارەوانی بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی،
ئاگاداری و ڕێنمایی پێویستیان گەیاندە کاسبکاران و فرۆشیارانی بازاڕەکە سەبارەت بە
پاراستنی پاکوخاوێنی و نەهێشتنی زێدەڕۆیی؛ ئەمڕۆ دۆخی هاتووچۆ لە شەقامەکانی ئەو
سنوورە بە تەواوی ئاسایی بووەوە.

لەم بارەیەوە، ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: “تیمەکانمان لە
درەنگانی شەو تا بەرەبەیانی زوو بەدواداچوونی وردیان بۆ بازاڕەکە کردووە. لەم
هەڵمەتەدا ڕێگریی توند لەو کەسە بیانیانە کرا کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نایاسایی
موڵکی گشتییان بۆ بازرگانی بەکار دەهێنا و لە بازاڕەکە دوور خرانەوە.”

شارەوانیی هەولێر وێڕای سوپاسکردنی ئەو کاسبکارانەی کە هاوکار بوون لە پاراستنی
سیمای شارەکە، جەختی لەوەش کردەوە کە هەمیشە پاڵپشتی کاسبکارانی خۆماڵی دەکەن و
زۆرترین هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە چاودێرییەکانیان
بەردەوام دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە زێدەڕۆیییەک و پاراستنی ژینگەی پایتەخت.

Exit mobile version