ئەربیل لایف: لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، جیاوازی چینایەتی نامێنێت و هەموو توێژەکان لە یەک شوێن کۆدەبنەوە. کاسبکارێکی دێرینی بازاڕەکە ئاشکرای دەکات، هاوشێوەی کاڵای هەرزان، پارچەی وا لە لەنگەدا هەیە نرخەکەی سەدان دۆلار تێدەپەڕێنێت.
بێوار ڕەمەزان، کە ماوەی 25 ساڵە لە بازاڕی لەنگە دوکانی هەیە و تایبەتمەندە بە جلوبەرگی پیاوان، ڕایگەیاند؛ سەرچاوەی جلوبەرگی لەنگە جیهانییە و لە ئەوروپا، ئەمریکا، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئاسیاوە وەک (کۆریا، سەنگافورە و چین) هاوردە دەکرێن.
نرخەکان؛ لە هەزار دینارەوە بۆ سەدان دۆلار بە وتەی ئەو کاسبکارە، نرخی کاڵاکان بەپێی کوالێتی و دیزاین دەگۆڕێن. نرخەکان لە 1000 دینارەوە دەستپێدەکەن، بەڵام پارچەی “مارکە” و دانسقە هەن کە نرخەکەیان دەگاتە چەند سەد دۆلارێک و تەنانەت لە ڕابردوودا چاکەتی وا هەبووە نرخەکەی نزیکەی “دەفتەرێک” بووە.
سەبارەت بە کڕیارەکان، بێوار ئاماژەی بەوە کرد کە دوو جۆر کڕیاری سەرەکییان هەیە:
1. چینی هەژار و کاسبکار: ئەوانەی بۆ کار و پێداویستی ڕۆژانە دێن، چاکەتێکی باش بە 5 هەزار دینار دەکڕن کە لە بازاڕی نوێدا بە 30 بۆ 35 هەزارە.
2. چینی دەوڵەمەند: ئەوانەی بەدوای پارچەی “دانسقە” و مارکە جیهانییەکاندا دەگەڕێن کە لە وەکالەتەکان دەستناکەون یان زۆر گرانن.
ئەو کاسبکارە ئەوەشی خستەڕوو کە بازاڕی لەنگە لە هەر چوار وەرزەکەدا کڕیاری هەیە، بەڵام لە وەرزی پاییزدا بەهۆی نمایشکردنی کاڵای زستانەوە، بازاڕەکە زۆرترین قەرەباڵغی بەخۆیەوە دەبینێت.



