پارێزەر سەفین یاسین بووە سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند کە پارێزەر و کەسایەتیی دیاری شاری هەولێر، سەفین یاسین، بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی نوێی یانەی وەرزشیی هەولێر دەستنیشان کراوە.
ئەم بڕیارە دوای قۆناغێکی پڕ لە کێشەی دارایی و کارگێڕی دێت کە یانەی هەولێری گرتەوە، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە حکومەت و پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی یانەکە و هیوای خواست بۆ دەستەی نوێ بتوانن یانەکە بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی و هاندەران ئاشت بکەنەوە.
سەفین یاسین، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هیچ پۆستێکی کارگێڕی وەرزشی نەبووە، بەڵام هەمیشە وەک پاڵپشتێکی گەورەی یانەکە دەرکەوتووە.
لە دیارترین هەنگاوەکانیدا، چەندین جار تێچووی گەشتی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێری دابین کردووە، هاوکاریی هاندەرانی کردووە، و شاشەیەکی گەورەی نوێی بە بڕی ٤٠ هەزار دۆلار بۆ یاریگای فڕانسۆ هەریری کڕیوە.
جێی باسە، سەفین یاسین لە هەمان کاتدا بەربژێری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.