تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

‎پارێزەر سەفین یاسین بووە سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند کە پارێزەر و کەسایەتیی دیاری شاری هەولێر، سەفین یاسین، بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی نوێی یانەی وەرزشیی هەولێر دەستنیشان کراوە.

‎ئەم بڕیارە دوای قۆناغێکی پڕ لە کێشەی دارایی و کارگێڕی دێت کە یانەی هەولێری گرتەوە، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە حکومەت و پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی یانەکە و هیوای خواست بۆ دەستەی نوێ بتوانن یانەکە بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی و هاندەران ئاشت بکەنەوە.

‎سەفین یاسین، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هیچ پۆستێکی کارگێڕی وەرزشی نەبووە، بەڵام هەمیشە وەک پاڵپشتێکی گەورەی یانەکە دەرکەوتووە.

‎لە دیارترین هەنگاوەکانیدا، چەندین جار تێچووی گەشتی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێری دابین کردووە، هاوکاریی هاندەرانی کردووە، و شاشەیەکی گەورەی نوێی بە بڕی ٤٠ هەزار دۆلار بۆ یاریگای فڕانسۆ هەریری کڕیوە.

‎جێی باسە، سەفین یاسین لە هەمان کاتدا بەربژێری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

Exit mobile version