ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
ئەمڕۆ ٣٠ی ئابی ٢٠٢٥ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: شارەوانی هەولێر هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی فیستیڤالێکی هەمەجۆر بۆ خواردنە کوردەوارییەکان و کاری دەستی و کەل و پەلی نەخش و نیگار.
دەقی بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەم شێوەیە: لە پێناو ڕەخساندنی هەلی کار، بۆ گەنجانی کوڕ و کچی شارەکەمان، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر هەڵدەستێت، بە ئەنجامدانی فیستیڤاڵێکی ١٥ رۆژە بۆ بەهرەمەندانی کاری دەستی و کەل و پەلی نەخش و نیگار و خواردنی کوردەواری، لە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە شێوەی خۆڕایی و بێ بەرامبەر.
بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداری هاوڵاتیان و ئارەزوومەندانی فستیڤاڵ دەکەینەوە دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەشی پلاندانان بکەن لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٨/٣١ تاوەکو ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٥/٩/٢، بەمەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ کارکردن لە یەکێک لە کابینەکانی ناو پارک لە کاتی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە.