ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار بەشی یەكەمی پڕۆژەی دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژوو كرا، کە بۆ یەكەمین جارە گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 9/9/2025 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گووتی: جێگەی خۆشحاڵیمانە كە ئەمڕۆ گرێبەستێكی گرنگی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژوو دەكەین كە بە پڕۆژەی قەرزی ژماره (IQ-P23)ی نێوان حكوومهتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومهتی ژاپۆن ناسێنراوە و گوژمەی نزیكەی 230 ملیۆن دۆلارە و لە ڕێگە ئاژانسی جایكاوە جێبەجێ دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی گووت: خۆشحاڵم كە وەكو موژدەیەك پێتان ڕادەگەیەنم بۆ چارەسەری بڕە زۆرەكەی ئاوەڕۆی هەولێر كە دەمێنێتەوە و بڕەكەی 266 هەزار مەتر سێجایە، ئەمڕۆ لە نووسینگەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار كراینەوە كە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بەشە زۆرەكەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ كە دەكاتە حەوت بەش لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بە كوالێتی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت بۆ بنبڕكردنی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەم موژدە گەورەیەش هاوشان لەگەڵ دروستكردنی تەواوی بەشەكانی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر چوار دەرچەكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر شەقامی 120مەتری و لای فرۆكەخانە و تەنیشت ڕێگەی مووسڵ – تووڕەق، پشت نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، لای مامزاوە، لە هەر چوار دەرچەكەوە تاوەكوو گوندی عارەبكەند كە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی لێیە، بە درێژایی 12 كیلۆمەتر ئاوەڕۆی داخراوە دروست دەكرێت و بەمەش هەولێری پایتەخت لەم گرفتە لەمێژینەیەی كە هەیەتی بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا لەسەر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت.