ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
بە گوژمەی زیاتر لە ( 2 ملیار و 800 ملیۆن دینار ) بازاڕێکی هاوچەرخی پایسکل و ماتۆرسکیل دروست دەکرێت، شوێنەکەشی لەسەر شەقامی هەولێر – کەرکووک دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک دەربارەی ڕێکخستەوە و جوانترکردنی سیمای شار و نەهێشتنی جەنجاڵی هاتووچۆی هاوڵاتیان بەڕێوەچوو کە تیایدا بڕیاردرا بە دروستکردنی شوێنێکی نوێ بۆ ماتۆڕسکیلەکان لە سەر شەقامی کەرکووک.
لە کۆبوونەوەکەدا کە پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تریش بەشداربوون لەگەڵ ئەنجوومەنی ماتۆڕسکیلەکان، تیشک خرایە سەر دروستکردنی بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ پایسکیل و ماتۆڕسکیل بە گوژمەی ( 2 ملیار و 887 ملیۆن و 574 هەزار دینار ) لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی لە بەشى باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى هەولێر لە سەرشەقامى کۆنى ( کەرکوک – هەولێر ) کە لە ئێستادا بازاڕەکە دەکەوێتە ناو جەرگەى شارى هەولێر و سیمایەکی ناشیرین و قەرباڵغی و جەنجاڵییەکی زۆری بۆ هاوڵاتییان دروستکردەوە، ئەوە سەرباری بچووکی دوکانەکانیان و تەسکی شەقامەکەیان، کە وای کردووە زۆربەى دوکاندارەکان پایسکل و ماتۆڕەکان لەسەر شەقام نمایش بکەن بۆ فرۆشتن، جگەلەوەش چەندین کەسی تر کە لەوبازاڕە کە دوکانیان نیە هەر لە سەرپێ و لەسەر شەقام مامەڵەى کڕین و فرۆشتنی پاسکیل و ماتۆڕ دەکەن، ئەوش گرفتی زۆری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروستکردووە.
دوای نمایشکردنی دیزاینی بازاڕە هاوچەرخەکە لەلایەن تیمی پلان و بەدواداچوونی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ئەنجوومەنی بازاڕەکە، خۆشحاڵی خۆیان بەدروستکردنی بازاڕەکە نیشاندا و ئومێدیان خواست لە ماوەیەکی کەمدا بتوانرێت ئەو بازاڕە بونیات بندرێت، تاکو بە ئاسودەیی کار و کەسابەتی خۆیان تێدابکەن.