ئەربیل لایف – هەولێر
کارەکانی دابەشکردنی سەبەتەی شەشەمی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەولێر دەستی پێ کرد و بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە بگاتە دەستی هاووڵاتییان، ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند: “سەرەڕای پشووە فەرمییەکان، فەرمانبەرانمان لە ئەرکدان؛ بۆیە داوا لە بریکارەکانی خۆراک دەکەین سەردانمان بکەن بۆ هێنانی لیستی سەبەتەی شەشەم، تاوەکوو کارەکان خێراتر بەڕێوە بچن.”
لەبارەی کاتی گەیشتنی بەشەخۆراکەکە بە هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراک ڕوونی کردەوە؛ سێ ڕۆژ دوای وەرگرتنی پارە لە بریکارەکان، بەشەخۆراکەکە ڕەوانە دەکرێت، بەمەش چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەداببگاتە دەستی هاووڵاتییان.
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی بەشەخۆراک لە مانگەکانی پێشوودا، ئاماژە بەوە کراوە کە کەمتەرخەمیی بەشێک لە بریکارەکان و درەنگ هێنانی پارەی لیستەکان هۆکاری سەرەکی بووە، کە بەو هۆیەوە چەند بریکارێک ڕووبەڕووی سزای یاسایی بوونەتەوە.
بڕیاری دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک کاتدا دەردەچێت، بەڵام بەهۆی جێبەجێکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە، کاتی دابەشکردنەکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کەمێک جیاوازیی دەبێت.

