ئەربیل لایف – هەولێر
بەپێی بڕیارێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، فرۆشتن و خواردنی سەرجەم جۆرەکانی “چپس” لە فرۆشگەی قوتابخانەکاندا بە یەکجاری قەدەغە کرا.
لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە لە بەرواری (١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦) بە واژووی لوقمان سەعید سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر دەرچووە، داوا لە سەرجەم پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکە کراوە کە ڕێگری لە فرۆشتنی چپس بکەن. ئەم بڕیارەش پاڵپشتە بە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی، کە تێیدا بڕیار دراوە بە زیادکردنی هەموو جۆرەکانی چپس بۆ ناو لیستی ئەو خۆراکانەی کە لە ڕووی تەندروستییەوە لە فرۆشگەی قوتابخانەکاندا “ڕێگەپێنەدراون”.
پەروەردەی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت بە زووترین کات و بە وردی کار بەم بڕیارە بکرێت. ئەم ڕێنماییە نوێیە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکانی (ناوەندی هەولێر، دەوروبەری هەولێر، بنەسڵاوە، پیرمام، مەخموور، خەبات، شەقڵاوە و کۆیە) کراوە، بۆ ئەوەی لە فرۆشگەی ناوەندەکانی خوێندندا جێبەجێ بکرێت لەپێناو پاراستنی تەندروستیی قوتابیان.

