تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ساڵی ( ١٩٦٣ ) هەرچی (کەر)یناو شاری هەولێر و گوند و لادێی دەوروبەریەتی هەمووی (گیران) و خرانە ناو حەوشە گەورەکەی بەندیخانەی هەولێر ، بەو تۆمەتەی کە بە هۆیانەوە ئازوقە و کەل و پەل و شتومەک بۆ پێشمەرگە دەبردرێ و کاروباری شۆڕشیان پێ ئەنجام دەدرێت..

بەهۆی ئەو کەر گیرانە …

لە شاری هەولێر ژیان بە یەکجاری ڕاوەستا

– تور و سڵق و کەرەوز و تەڕەپیاز و ماست و پەنیر ، کە بە پشتی کەر لە باغچە و لادێکانەوە دەهێنرا لە بازاڕدا نەمان …

ئاشەکان کە باراشیان بە پشتی کەر بۆ دەهات هەموو وەستان …

– دەنگی نەفت فرۆش و دارفرۆش لە گەڕەکەکاندا نەما ..

– ناڵبەند و کا فرۆش و کورتان فرۆش و کۆڵ هەڵگرەکان بازاڕیان مرد. ..

– گۆڕەپان و مەیدانی کەر فرۆشتن داخراو کەرفرۆشەکان پەکیان کەوت و لەترسا خۆیان دەشاردەوە …

نزیکەی( ١٠٠٠ ) کەر گیرا و بەندکران

خاوەنەکانیان ڕۆژ تا ئێوارە لەبەر دەرگای بەندیخانە بە هەندێ (کا)و (جۆ)وە لەڕیز ڕادەوەستان بەڵکو مۆڵەتی نۆرەیان بێت و بچن سەردانی کەرەکانیان بکەن و ئاو و خواردنیان بۆ ببەن …

(کا)فرۆش و (جۆ)فرۆش وەک شتـفرۆشەکانی بەردەم نەخۆشخانەکان بە فەردە کاو جۆیان هێنابوو بۆ نزیک بەندیخانە بۆ فرۆشتن …

بەڵام لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو

(کەر)ەکان ئەم گرتنەیان زۆر پێخۆش بوو ، لە بارهەڵگرتن و عارەبانە ڕاکێشان و نەقیزە و دارکاری و بێبەزەیی منداڵان نەجاتیان بوو بوو ، لە هەموو ژیان ومێژویاندا هەرگیز خۆشی و شادی ئەوهایان بە خۆوە نەدیبوو و ئەوەندە نە حەسابوونەوە ، بازدانیان بەسەر یەکتردا و لوشکە و قەپ گرتن و زەڕەزەڕ لە ناو حەوشەی بەندیخانەکەدا شانۆیەک و سیمفۆنیایەک بوو بۆخۆی …

ئەو کات ئێمە دەستەیەک قوتابی هاوڕێ بووین لە قۆناغی ناوەندی ، دوای دەرچونمان لە قوتابخانە دەچوینە بەردەم بەندیخانە و لەناو خاوەن کەرەکان دەخولاینەوە و گوێمان دەدا بە قسە و خەماکانیان …

رۆژەک دوو قوتابی لە پۆلەکەماندا نەهاتبوون ، کە مامۆستا ناویانی خوێندەوە یەکێ لە هاوڕێکان گوتی مامۆستا ئەوانە دراوسێمانن و کەریان گیراوە و چوونەتە بەندیخانە بۆ لایان …

کابرایەک کەرەکەی خۆی لە ژورێکی ماڵەکەیدا دەشارێتەوە ، شەو کەرە دەزەڕێنێ و لێی ئاشکرا دەبێت و کابرای بێچارە لەگەڵ کەرەکەی ڕاپێچی بەندیخانە دەکەن …

عەزیز ناوێک کەرەکەی خۆی دەرباز دەکات ولەناو زورگەکاندا دەیشارێتەوە ، دوایی بە عەزیز کەر فیرار ناوی دەرکرد ، دوای هەفتەیەک لە گیرانی کەرەکان ، جاڕ درا کە پێویستە هەر کەسێک کەرەکەی گیراوە عەریزەیەک بنووسێت و تیایدا بەڵێن بدات کە کەرەکەی بۆ کاری نایاسایی و سیاسی بەکارناهێنێ ، ئەوجا کەرەکەی ئازاد دەکرێت …

خوا دەرگای لە سەر عەریزە نووسەکان کردەوە ، خەنی بوون ئەوەندە عەریزەی بنووسن ، بەڵام وێنەگرەکان کەوتنە گلەیی و گازاندەکردن و دەیانگوت حەقە ڕسمی کەرەکان بگرن و بە عەریزەکانەوە بلکێنرێت… !

وەرگیراوە بەسوپاسەوە ، لە وتارێکی دکتۆر وریا عمر ئەمین کە لە ڕۆژنامەی بەدرخان ژمارە ١٢٣ لە ٨ ی ٩ی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە

ئەوجە ، ئەوە دنیا ئەوهایە ، هەر ڕۆژەی لەبەرژەوەندی کەسێک دەسوڕێ ، بەڵام ئەوێ ڕۆژێ بەرژەوەندی کەرەکان لە هەموویان باشتربوو.

ئامادەکردن: ابراهیم سالح

Exit mobile version