ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر هاوردەکردنی هەنار و سێو و ترێ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ قەدەغە دەکات
دوای پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ وەرزی پاییز و سەرەتای زستان، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر، هاوردەکردنی بەرهەمەكانی هەنار، ترێ و سێو قەدەغە دەكات قەدەغەكردنەكە تاوەكو 15ـی مانگی 12ـی ئەمساڵە و بۆی هەیە درێژیش بكرێتەوە.
بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵی، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی کشتوکاڵی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی تایبەتمەندی کشتوکاڵیی هەر ناوچەیەك و بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆژژمێری كشتوكاڵی، قەدەغەی هاوردە دەخەنە سەر چەند بەرهەمێک.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو بەرهەمە ڕووەكیانەی كە بە بەرهەمی پاییزە ناسراون، لەوانەش؛ هەنار، ترێ و سێو، هاوردەكردنیان قەدەغە كراوە، ئەو بڕیارەش تاوەكو 15-12-2025 بەردەوام دەبێت و لە ئەگەری زۆری بەرهەمی ناوخۆیی، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنیان درێژ دەكرێتەوە. هەندێك بەرهەمی ناوخۆیی هاوردەكردنیان بە درێژایی ساڵ قەدەغەیە، لەوانەش؛ پەتاتە، سەوزەواتەكان بەشێوەیەكی گشتی، قارچك، هێلكەی خواردن و گۆشتی مریشك، بەو پێیەی بەرهەمی ناوخۆیی بەدرێژایی ساڵ لەئاستی پێداویستی ناوخۆیی زیاترە و ئەو بەرهەمانە كۆگا دەكرێن، بۆیە هاوردەكردنیان بەیەكجاری قەدەغە كراوە.
بەشێكی دیكە لە بەرهەمە ڕووەكییەكان لەوانەش؛ كولەکە و خەیار، لەنێوان ڕێككەوتی 1ـی مانگی پێنجەوە تاوەكو سەرەتای ساڵ، هاوردەكردنیان قەدەغە دەكرێت و دوای ئەو ڕۆژەش، باج دەخرێتە سەر هاوردەكردنیان.
بەرهەمە وەرزییەكان، تەنیا لەكاتی پێگەیشتنی ئەو بەرهەمانە لە وەرزێكی دیاریكراو، هاوردەكردنیان بۆ چەند مانگێك قەدەغە دەكرێت و لابردنی قەدەغەكردن یاخود درێژكردنەوەی، بەندە بە بڕی بەرهەمی ناوخۆیی و پێداویستیی هاونیشتمانیان.