ئەربیل لایف – هەولێر
زانکۆی سەلاحەدین پڕۆژەی بەئەلکتڕۆنیکردنی تەواوی کاروبارەکانی ڕادەگەیەنێت و بڕیارە تا یەک ساڵی داهاتوو، سیستمی کاغەزی و ڕۆتین لە ناوەندەکانی زانکۆکەدا کۆتایی پێ بهێنرێت.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند؛ لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی پ.د. کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆ، پلانێکی چڕ داڕێژراوە بۆ ئەوەی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ سەرجەم کاروبار و مامەڵە کارگێڕییەکان بە تەواوی بکرێنە ئەلکتڕۆنی.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی گەورە نراون و بەشێکی زۆری کاروبارەکان دیجیتاڵی کراون. لە ئێستاشدا تیمەکان کارەکانیان چڕکردووەتەوە تاوەکو دوای ئەو وادەیە، هیچ مامەڵەیەک لە دەرەوەی سیستمە ئەلکتڕۆنییەکە ئەنجام نەدرێت.
ئەم هەنگاوەی زانکۆی سەلاحەدین وەک کۆنترین زانکۆی دایک لە هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی خێراکردنی ڕێکارەکان، کەمکردنەوەی ڕۆتین و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە خوێندکاران و فەرمانبەران.

