هەولێر | ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ڕۆژی یەکشەممە، دوانزە قوتابی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، سەردانی ئۆفیسی کۆمپانیای “فۆکەس میدیا”یان کرد، بە مەبەستی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی مەشقی کرداری بە هاوکاری لەگەڵ تۆڕی سۆشیاڵ میدیای “ئەربیل لایف”.
ئەم دەسپێشخەرییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ساڵانەی “فۆکەس میدیا” و “ئەربیل لایف”دایە بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندکارانی میدیا. بڕیارە خوێندکارەکان بەسەر چەند گروپێکدا دابەش بکرێن و بەپێی خشتەی کاتیی خۆیان، بەشێوەیەکی مەیدانی فێری تەکنیکەکانی کاری میدیایی و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک ببن. ئەو بەرهەمانەشی کە لەلایەن خوێندکارانەوە ئامادە دەکرێن، لە پلاتفۆرمەکانی “ئەربیل لایف” بڵاودەکرێنەوە.
ئامانج لەم هەنگاوە، گۆڕینی زانیارییە تیۆرییەکانی قوتابیانە بۆ ئەزموونی کرداری و ئامادەکردنیانە بۆ بازاڕی کار، تاوەکو لە داهاتوودا ئەم ئەزموونە وەک دەستکەوتێکی گرنگ لە ژیاننامەی کارکردنیاندا (CV) بەکاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی کاری باشتر لە ناوەندە میدیاییەکاندا.








