ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرجەم شۆفێرانی تەکسی لە سنووری پارێزگاکە دەکات و تێیدا چەند مەرجێکی نوێی بۆ شۆفێران دیاریکرد سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی “هێمای ڕووناکی تەکسی”.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دوای چاودێریکردنی ئۆتۆمبێلەکان دەرکەوتووە کە بەشێک لە شۆفێران هێمای تەکسییان دانەناوە یان لە شوێنی نەشیاو جێگیریان کردووە، بۆیە بە مەبەستی یەکخستنەوەی سیمای تەکسییەکان، بڕیاردرا بە پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانە:
١- شوێنی هێماکە: دەبێت هێمای تەکسی تەنها لەسەر سەقفی ئۆتۆمبێل و لە ناوەڕاستی نێوان دەرگای شۆفێر و دەرگای پشتەوە چەسپ بکرێت.
٢- ڕووناکی و ڕەنگ: دەبێت هێماکە گڵۆپی تێدابێت بۆ ئەوەی شەوان ببینرێت، بە مەرجێک ڕەنگی گڵۆپەکە تەنها “زەرد” بێت و بەکارهێنانی هەر ڕەنگێکی تر قەدەغەیە.
٣- شوێنە قەدەغەکراوەکان: بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت هێمای تەکسی لەسەر جامی پێشەوە، جامی دواوە، یان لەسەر سندوقی ئۆتۆمبێل دابنرێت.
هاتووچۆی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ ڕێکخستنەوەی زیاتری کەرتی گواستنەوە و ناسینەوەی تەکسییەکانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، داواش لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن بۆ ئەوەی دووچاری سزای یاسایی نەبنەوە.

