ئەربیل لایف – هەولێر
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ “ئەربیل لایف” تیشکی خستە سەر ئاسانکارییەکانی زانکۆ بۆ کرێی خوێندنی قوتابیان و ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٤٥٪ داشکانی بۆ کرێی خوێندنی قوتابییانی پاڕالێڵ (هاوتەریب) کردووە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین، لیژنەیەکی تایبەتی کۆمەڵایەتی هەیە کە ئەرکی هاوکاریکردنی ئەو قوتابیانەیە باری دارایییان خراپە، بە شێوەیەک بەردەوام بە ڕێژەی جیاواز لە کرێی خوێندنەکەیان خۆش دەبن.
لەبارەی شێوازی کارکردنی لیژنەکە، سامان عەبدوڵڵا وتی: “لەسەر ڕاسپاردەی پ.د. کامەران یوونس، سەرۆکی زانکۆ، لیژنەکە هەفتانە کۆدەبێتەوە و لە نزیکەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ قوتابیان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بەپێی شایستەیی و بارودۆخیان، هاوکاریی دارایییان بکرێت.”

