ئەربیل لایف – هەولێر
زانکۆی سەلاحەدین بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای شێخ باز بەرزنجی، پڕۆژەی دابینکردنی ژەمی بەربانگ بۆ ٤٠٠٠ قوتابی نیشتەجێی بەشەناوەخۆییەکان دەستپێکرد، کە وەک نەریتێکی ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدرێت.
سامان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە (ئەربیل لایف)ی ڕاگەیاند: “ئەمساڵ وەک نەریتێکی ساڵانە، خواردنی بەربانگ بۆ سەرجەم قوتابیانی نیشتەجێی بەشەناوەخۆییەکانی کۆمەڵگەی شەهید شەوکەتی کوڕان، ١٨ی شوباتی کچان و سەرجەم باڵەخانەکانی دیکەی زانکۆ ئامادە دەکرێت.”
سەبارەت بە قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین لە قەزای شەقڵاوە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی سەبەتەی خۆراکیان بۆ دابین بکرێت.
ئەم پڕۆژە خێرخوازییە تا کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەردەوام دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی سەلاحەدین سوپاسی دەزگای شێخ باز بەرزنجی و سەرجەم کارمەندان و ئەو قوتابییە خۆبەخشانە دەکات کە شەو و ڕۆژ هاوکارن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە پیرۆزە.

