ئەربیل لایف -هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی، پڕۆسەی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی دەسپێکرد کە وەک قەرەبوو بۆ ئەو حاجیانە دیاریکراوە کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە نەیانتوانی بە ئاسمانی بگەڕێنەوە.
نزیکەی ٣ هەزار و ٤٠٠ حاجی کە ساڵی ڕابردوو بە گەشتی ئاسمانی چووبوون، بەڵام ناچاربوون بە ڕێگەی وشکانی بگەڕێنەوە.
بڕی ٨٠ هەزار دیناری عێراقی بۆ هەر حاجییەک دەگێڕدرێتەوە، پڕۆسەکە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هەموو حاجیان پارەکە وەربگرنەوە.
لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەج و عومرە لە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆکانی (ڕاپەڕین و گەرمیان).
پێویستە حاجییەکە خۆی یان خزمێکی پلە یەکی بە بەڵگەنامەی فەرمییەوە سەردانی شوێنە دیاریکراوەکان بکات بۆ وەرگرتنی پارەکە.
ئەم بڕە پارەیە وەک جیاوازی تێچووی گەشتی ئاسمانی و وشکانی هەژمارکراوە، دوای ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش خەمڵاندنیان بۆ تێچووەکە کرد و بڕیاری گەڕاندنەوەیان دا.

