ئەربیل لایف – هەولێر
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، بڕی نیسابی زەکاتی پارە و زێڕ، هەروەها بڕی سەرفیترە و فیدیەی بۆ ئەمساڵ (١٤٤٥ کۆچی – ٢٠٢٤ زاینی) ڕاگەیاند و تێیدا وردەکاری چۆنیەتی دەرکردنی زەکاتی بۆ هاووڵاتیان ڕوون کردەوە.
بەپێی فەتواکە، نیسابی زەکاتی پارە بۆ ئەمساڵ بریتییە لە (٣ ملیۆن دینار). هەر موسڵمانێک ئەم بڕە پارەیەی هەبێت و ساڵی بەسەردا سوڕابێتەوە، پێویستە بۆ هەر ملیۆنێک (٢٥ هەزار دینار) زەکات بدات. سەبارەت بەو کەسانەشی مامەڵە بە دۆلار دەکەن، بۆ هەر دەفتەرێک دۆلار (٢٥٠ دۆلار) زەکات دیاریکراوە.
بۆ ئەمساڵ، بڕی سەرفیترە بۆ هەر کەسێک بە لانی کەمەوە (٣٠٠٠ دینار) دیاریکراوە. هەمان بڕیش وەک فیدیەی یەک ڕۆژوو بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە بەهۆی عوزری شەرعییەوە ناتوانن بەڕۆژوو ببن.
زەکاتی زێڕ و خشڵ:
زێڕ: نیسابی زێڕ بریتییە لە (٢٠ مسقاڵ)، کە پێویستە نیو مسقاڵی لێ بدرێت.
خشڵی ئافرەتان: ئەگەر بۆ بەکارهێنانی شەخسی بێت و بۆ تیجارەت نەبێت، نیسابەکەی (٢٠٠ مسقاڵ)ە؛ ئەگەر گەیشتە ئەو بڕە، پێویستە ٢.٥٪ی وەک زەکات لێ بدرێت.
ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی فەتوا وەک ڕێبەرێکە بۆ موسڵمانانی هەرێمی کوردستان تاوەکو لەم مانگە پیرۆزەدا ئەرکە ئایینییەکانیان بەپێی نرخ و بژێوی ئێستای بازاڕ جێبەجێ بکەن.

