ئەربیل لایف – هەولێر
زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر جارێکی دیکە پێشەنگیی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆیی چەسپاند و توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە نوێترین ڕیزبەندی نێودەوڵەتیدا بەدەستبهێنێت.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند: “زانکۆکەمان پلەی یەکەمی لە ڕێزبەندی بەرهەمە توێژینەوەییەکان و ئاماژەپێکردن (Citation) لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەدەستهێناوە.”
ئەم سەرکەوتنە زانستییە لەسەر بنەمای سێ پێوەری سەرەکی بووە کە بریتین لە: قەبارەی بەرهەمە توێژینەوەییەکان، ڕێژەی ئاماژەپێکردنی زانستی (Citation) بە توێژینەوەکانی زانکۆکە، و کاریگەریی دەرچووەکانی زانکۆ (Alumni) لە کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا.
بەم بۆنەیەوە، پ.د. کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان، قوتابییان و فەرمانبەرانی زانکۆکە کرد و ئەم دەستکەوتەی بە بەرهەمی ماندووبوون و هەوڵی بەردەوامی خێزانی زانکۆی سەلاحەدین وەسف کرد.
جێی ئاماژەیە، زانکۆی سەلاحەدین وەک کۆنترین و گەورەترین زانکۆی دایک لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئەکادیمی خۆیدایە لەسەر ئاستی عێراق و جیهان.
بۆ بینینی وردەکاری زیاتر و لیستی ڕیزبەندییەکە، سەردانی ئەم لینکە بکەن:
62 Best Universities in Iraq [2025 Rankings]

