ئەربیل لایف – هەولێر
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەمڕۆ ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، ڕاگەیەندراوێکی بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای بارگرژییەکانی ناوچەکە، هیچ مەترسییەک بۆ سەر دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان نییە.
ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆگاکانی شارەکە پڕن لە کاڵا و زنجیرەی گواستنەوەی خۆراک بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە. داواش لە هاووڵاتییان دەکات دووربکەونەوە لە دڵەڕاوکێ و کڕینی کاڵا زیاد لە پێویستی ڕۆژانەیان.
لە لایەکی دیکەوە، ژووری بازرگانی هۆشداری دەداتە بازرگانان بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و ڕێگری لە هەر هەوڵێکی گرانکردنی نرخ یان قۆرغکاری دەکەن. جەختیش کراوەتەوە کە تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی وردی بازاڕ بۆ پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری نرخەکان.

