ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری “ئارەزوومەندانە” بۆ ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی، و لەمەودوا نمرەی ئەم دوو وانەیە هاوشێوەی وانەکانی دیکە بۆ کۆنمرەی پۆلی ١٢ ئەژمار دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠٢٦/٣/٣، بە نووسراوێکی فەرمی کە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە، وەزارەتی پەروەردە ئاگادار کراوەتەوە کە بڕیاری سڕکردن یان ئەژمارنەکردنی ئارەزوومەندانەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) کۆتایی پێهاتووە.
ئەم بڕیارە لەمساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) و ساڵانی دواتر جێبەجێ دەکرێت. واتە ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ لە پۆلی ١٢ی ئامادەیین، کۆنمرەکانیان لەسەر بنەمای هەر ٧ وانەکە ئەژمار دەکرێت و هیچ وانەیەک وەک بژاردە نامێنێتەوە بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧).
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا پاڵپشتە بە نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٢/٢٦ و کۆنووسی لیژنەیەکی تایبەتمەند، کە جەخت لەسەر یەکسانیی ئەژمارکردنی هەموو وانەکان دەکاتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لە وەزارەتی پەروەردە کردووە سەرجەم قوتابخانەکان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو قوتابیان لە ئێستاوە خۆیان بۆ خوێندنی هەموو وانەکان ئامادە بکەن.

