هەولێر – ئەریبل لایف
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی هاتووچۆ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٣ی ئاداری ٢٠٢٦، ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٦ی واژوو کرد. ئەم بڕیارە وەک یەکەم هەمواری ڕێنمایی میکانیزمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٢٤) دەرچووە.
ڕێنماییە نوێیەکە میکانیزمێکی کارا دیاری دەکات بۆ پەسندکردنی مۆڵەتی شۆفێری بیانی و گۆڕینی بۆ مۆڵەتی شۆفێری هەرێمی کوردستان. ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە یاسای عێراقی فیدراڵ و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی هاتووچۆ (١٩٦٨ و ٢٠٠٦) کە عێراق تێیاندا ئەندامە.
ئەم بڕیارە ئەم توێژانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
١. بیانییە نیشتەجێبووەکان: ئەو کەسانەی بە مەبەستی کار یان نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستانن.
٢. ستافی نێودەوڵەتی: کارمەندانی کونسوڵگەرییەکان، دیپلۆماتکاران و فەرمانبەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خێزانەکانیان.
٣. هاووڵاتیانی هەرێم: ئەو کوردستانیانەی لە دەرەوە نیشتەجێ بوون و هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری بیانین و ئێستا دەیانەوێت مۆڵەتی هەرێم دەربکەن.
ئامانج لەم ڕێنماییە، ئاسانکارییە بۆ ئەو کەسانەی مۆڵەتی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتییان هەیە، تاوەکو بە شێوەیەکی یاسایی و خێرا مۆڵەتی نێوخۆییان پێ بدرێت، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی هاتووچۆ و کاراکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ڕێنماییەکان، مەرج و ڕێکارەکان بەپێی جۆری مۆڵەت و وڵاتی دەرچوونی مۆڵەتەکە دەگۆڕێن و پێویستە داواکاران بەپێی خاڵەکانی ناو ڕێنماییە نوێیەکە مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.

