ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ناسنامەی دامەزراوەکانی، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە لۆگۆی وەزارەت، تابلۆی قوتابخانەکان و جلی یەکپۆشی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) دەرکرد.
بەپێی نووسراوێک کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:
١. پاراستنی لۆگۆ: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت دەستکاری ڕەنگ، پێکهاتە و ڕەهەندەکانی لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە بکرێت و دەبێت فۆنتی تایبەتی (PARWARDA-2026) لە نووسینەکاندا بەکاربهێنرێت.
٢. تابلۆی ناوەندەکانی خوێندن: بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو، تابلۆی تەواوی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان یەکدەخرێن؛ بە جۆرێک لۆگۆی حکومەت لە لای ڕاست، لۆگۆی وەزارەت لە لای چەپ و ناوی قوتابخانەکە لە ژێرەوەیان دەبێت.
٣. جلی یەکپۆشی: بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، پێویستە ناوەندەکانی خوێندن پابەندی ستایلی دیاریکراوی وەزارەت بن بۆ جلوبەرگی قوتابخانە. ئەو ناوەندانەی دەیانەوێت ستایلی تایبەت بە خۆیان هەبێت، دەبێت ڕەزامەندی وەزارەت وەربگرن و تەنها ڕێگە دەدرێت لۆگۆی قوتابخانەکە لەسەر پشت یان گیرفانی جلەکان بێت.
ئەم بڕیارانە لە ڕێکەوتی دەرچوونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار کراونەتەوە بۆ جێبەجێکردنی.

