تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی و مەرجە نوێیەکانی بۆ پڕۆسەی ناونووسین و گەشتی حەجی ئەمساڵ ڕاگەیاند. ڕێنماییەکان چەندین گۆڕانکارییان تێدایە و سێکتەرە جیاوازەکانی (هاووڵاتییان، خێزانی شەهیدان، مامۆستایانی ئایینی، تیمە پزیشکییەکان و کۆمپانیاکان) دەگرێتەوە.

مەرجە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان: بەپێی ڕێنماییەکان، پێویستە داواکار دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت و تەمەنی لە نێوان (١٨ بۆ ٧٠) ساڵدا بێت. یەکێک لە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئەمساڵ هەبوونی (پێناسی دیجیتاڵی) و تەندروستییەکی باشی جەستەیی و دەروونییە.

خاڵە گرنگەکانی ناونووسین:

– حەجی دووبارە: ئەو کەسانەی پێشتر حەجیان کردووە، ناتوانن ناویان تۆمار بکەنەوە
(تەنها وەک مەحرەم بۆ ئافرەتان نەبێت).
– ناونووسین: تەنها بۆ یەک ساڵ کارایە و بەپێی کارتی زانیاری لە شوێنی
نیشتەجێبوونی هاووڵاتی دەبێت.
– سیستەمی مەحرەم: ئافرەتانی تەمەن خوار ٤٥ ساڵ پێویستە مەحرەمی کۆتاییان (باوک،
برا، هاوسەر و هتد) لەگەڵ بێت، بەڵام ئافرەتانی سەروو ٤٥ ساڵ دەتوانن بە تەنها
گەشت بکەن.

بەڵگەنامە داواکراوەکان: داواکاران پێویستە (پاسپۆرت، کارتی زانیاری، کارتی
نیشتمانی و وێنەی کەسی) ئامادە بکەن.

بەشداربوانی تر (شەهیدان، مامۆستایان و پزیشکان):

– بنەماڵەی شەهیدان: لە ڕێگەی تیروپشکێکی تایبەت و بە پشتیگیری وەزارەتی شەهیدان
دەستنیشان دەکرێن.
– مامۆستایانی ئایینی: دەبێت لەسەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف بن و تاقیکردنەوەی
هەڵسەنگاندن ئەنجام بدەن.
– تیمە پزیشکییەکان: لە ڕێگەی تیروپشک و بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی لە
پسپۆڕییە جیاوازەکان (هەناو، دەرمانساز، شکاو، ئافرەتان و هتد) هەڵدەبژێردرێن.

مەرجی کۆمپانیاکان: ئەو کۆمپانیایانەی گەشتەکە ڕێکدەخەن، دەبێت لانی کەم ساڵێک
ئەزموونیان هەبێت، خاوەنی ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN) بن و هیچ سزایەکی
یاساییان لەسەر نەبێت، هەروەها تەمەنی بەڕێوەبەرەکانیان لە ٦٠ بۆ ٦٣ ساڵ تێنەپەڕێت.

تێبینی: هاووڵاتییان دەتوانن بۆ ناونووسین و زانیاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی
(hajj.digital.gov.krd) بکەن.

Exit mobile version