ئەربیل لایف – هەولێر
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی نوێدا بۆ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری دا بە ڕاگرتنی پرۆسەی
لەجێدانانی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی گرێبەست.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی
وەزیران دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە کە پڕۆسەی دانانی فەرمانبەر و مامۆستای وانەبێژ
لەبری ئەو کەسانەی پێشتر بە گرێبەست و لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون، بە هەموو
شێوەیەک ڕاگیراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی
ئەنجومەنی وەزیرانە و لەمەودوا سەرۆکایەتیی دیوان هیچ ناوێک بۆ ئەو مەبەستە
وەرناگرێت و ڕەزامەندیی لەسەر نادات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی میلاکاتی
فەرمانبەرانی گرێبەستدایە و کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان لەو چوارچێوەیەدا
دەکات.



