بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، لەکۆی 2400 دوکان، 166 دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، هاوکات (90) کەس بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو. راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، لە راگەیندراوێکدا وایگوت.
دەقی ڕاگەیندراوەکەی پارێزگای هەولێر؛
ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگە
دوای ئەوەی لە شەوی 2024.2.27، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەوڵی ئەفسەر و کارمەندانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، کە بەهۆیەوە لەکۆی (2400) دوکان (166) دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەرکران و (24) کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە.
ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێکی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەکە کەمترین زیانی هەبێت و کەلوپەلی کاسبکاران لە سووتان رزگار بکرێت، سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو کارەساتە لە شارەکەمان جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، ژینگە پارێزی، شارەوانی4 و سەرۆکایەتی شارەوانی) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، کاسبکاران و هاوڵاتییانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2024.2.28