تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان لەسەر حەبێکی نوێی ڕۆژانە بە ناوی “ئۆرفۆرگلیپرۆن” هیوا بەخشە بۆ چارەسەری قەڵەوی، کە دەتوانێت لە ماوەی ٧٢ هەفتەدا (نزیکەی ١٦ مانگ) کێشی لەش بە ڕێژەی ١٢% کەم بکاتەوە.

کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە دەڵێت، دەرمانەکە کە تا ئێستا پەسەند نەکراوە، دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا بخرێتە بازاڕەوە، حەبی ڕۆژانە کە پێی دەوترێت ئۆرفۆرگلیپرۆن، بە سەرکوتکردنی ئارەزووی خواردن کاردەکات و هەست بە تێربوون دەکەیت.

حەبی “ئۆرفۆرگلیپرۆن” دەرمانێکی نوێیە بۆ دابەزاندنی کێش کە لەلایەن کۆمپانیای “ئێلی لیلی” بەرهەم دەهێنرێت،
ئەنجامی تاقیکردنەوەکان تازە بڵاوکراونەتەوە و کۆمپانیاکە پلانی هەیە پێش کۆتایی ئەمساڵ داوای مۆڵەتی فەرمی بکات، بەو هیوایەی لە ساڵی داهاتوودا لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست بێت.

دەرمانەکە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و دروستکردنی هەستی تێرییەوە کاردەکات. بەکارهێنەران لە تاقیکردنەوەکەدا بە تێکڕا ١٢ کیلۆگرامیان لە کێشیان دابەزاندووە، هەروەها سوودیان لە دابەزینی کۆلیسترۆڵ و فشاری خوێن بینیوە.

ئەم حەبە وەک بەدیلێکی ئاسانتر و بێ دەرزی بۆ دەرمانەکانی وەک “مونجارۆ” و “ویگۆڤی” سەیر دەکرێت. هەرچەندە کاریگەرییەکەی کەمترە (١٢% بەراورد بە ٢٢%ی مونجارۆ)، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نرخەکەی هەرزانتر بێت و بەکارهێنانی ئاسانتر بێت، کە ئەمەش وادەکات بۆ ژمارەیەکی زیاتری خەڵک ببێتە بژاردەیەکی گونجاو.

دیارترین کاریگەرییە لاوەکییەکان بریتی بوون لە سکچوون و ڕشانەوە، کە بووە هۆی ئەوەی نزیکەی یەک لەسەر دەی بەشداربووان واز لە بەکارهێنانی بهێنن.

شایەنی باسە کۆمپانیای ڕکابەری “نۆڤۆ نۆردیسک”یش کار لەسەر بەرهەمهێنانی حەبێکی هاوشێوە دەکات کە لە تاقیکردنەوەکاندا توانیویەتی کێشی لەش بە ڕێژەی ١٥% دابەزێنێت. بڕیارە ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکانی “ئۆرفۆرگلیپرۆن” مانگی داهاتوو لە کۆنفرانسێکی زانستیدا لە ئەوروپا بخرێتەڕوو.

سەرچاوە: بی بی سی

Exit mobile version