تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

“ئاریان محەمەد، خانمە هونەرمەندی شاری هەولێر، ماوەی 13 ساڵە لە بواری وێنەکێشاندا کار دەکات و بە خولیای منداڵی خۆی ناوی دەبات، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و ئێستا وەک مامۆستای وێنەکێشان و کاری دەستی لە قوتابخانەدا، بەهرەی قوتابییان گەشە پێدەدات.

خانمە هونەرمەند ئاماژە بەوە دەکات کە لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و زۆرجار بەهۆی وێنەکێشانەوە لەسەر پەڕتووکەکانی سزا دراوە. ئەو سوپاسی خودا و خێزانەکەی دەکات کە یارمەتیدەربوون بگات بە ئامانجەکەی.

لەسەر پرسیاری هونەری تابلۆکێشان، ئاریان محەمەد ڕوونی دەکاتەوە کە سەرەتا دەبێت بنەماکانی وێنەکێشان وەک سکێچ فێر بێت و حەز و خولیای هەبێت، ئەوکات هەموو شتێکی تر ئاسان دەبێت.

سەبارەت بە دروستکردنی یەکەم تابلۆی، ئەو دەڵێت بە بچووکی دەستی پێکردووە و وردە وردە کاری دەستی خستۆتە ناو تابلۆکانی، لەسەر فێربوونی کارە دەستییەکانیش، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕێگەی سەیری یوتیوب و ئەپڵیکەیشنەکانەوە فێربووە و لە ئێستادا چەندین جۆری کاری دەستی وەک بەکارهێنانی قوماش و زنجیر و پولەکە لە تابلۆکانیدا بەکاردەهێنێت.

تابلۆکانم زۆر خۆشدەوێت و حەزدەکەم وەک ئەرشیفێک لەلام بمێننەوە، بەڵام زۆرجار پێشانگا دەکەم و بینەران دەتوانن لەوێوە تابلۆکانم ببینن.

سەبارەت بە بەکارهێنانی ماددە جیاوازەکان لە تابلۆکانیدا، ئاریان محەمەد نموونەی ئافرەتێکی هێنایەوە کە قوماش و پولەکە و مورێکی تێدا بەکارهێناوە، هەروەها تابلۆیەکیش کە سیرامیکی تێدا بەکارهێناوە، کە ئەمەش کاتی زیاتری دەوێت بەهۆی چەند قۆناغێک کاری تێدا.

لەسەر پرسیاری سوودی کارە دەستییەکان لە وێنەکێشاندا، خانمە هونەرمەند باسی لەوە کرد کە ئەمە شتێکی جیاواز و جوان دروست دەکات و بینەران تەنها فڵچە و ڕەنگ نابینن، بەڵکو شێوازی نوێ و سەرنجڕاکێش دەبینن.

مامۆستا ئاریان لە قوتابخانەش هەفتەی جارێک چالاکی تایبەت بە وێنەکێشان و ڕەنگکردن بۆ منداڵان ڕێکدەخات و ڕەنگی گونجاو و دڵخوازی منداڵان بەکاردەهێنێت، وەک وێنەی سپایدەرمان یان گوڵ، بۆ ئەوەی منداڵان زیاتر حەزیان لێی بێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرنگە وێنەکێش جۆری ڕەنگەکان بناسێت بۆ ئەوەی زیانی نەبێت.”

Exit mobile version