یاریزانی کورد، ئاکام هاشم یاریزانی یانەی هەولێر، پەیوەندی بە مەشقەکانی هەڵبژاردەی عێراق کرد و یەکەم مەشقی لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئەنجامدا.
زیرەک میهری – ئەربیل لایف
ئەمرۆ چوارشەممە، ٣-١-٢٠٢٤، لە وڵاتی ئیماڕات بە سەرپەرشتی خیسۆس کاساسی راهێنەری ئیسپانی، هەڵبژادەی عێراق بە ئامادەبوونی سەرجەم یاریزانەکان دەستیان بە مەشق و راهێنانەکان کرد، وەک ئامادەکاری بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتی جامی ئاسیا.
ئاکام هاشم، یاریزانی کورد، کە لە ناوەڕاست و دڵی بەرگریی یاریی دەکات، ئێستە یەکێکە لە درەوشاوەترین یاریزانەکانی یانەی هەولێر و خولی ئەستێرەکانی عێراق.
خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ئەو یاریزانەی بانگهێشت کرد بۆ ریزی یاریزانانی هەڵبژاردەکە، ئەمرۆ ئاکام هاشم یەکەم مەشقی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئەنجام دا. ئاکام لە هەڵبژاردەی عێراق درێسی ژمارە ١٤ دەپۆشێت.
وابڕیارە، بەر لە دەستپێکی یارییەکانی پاڵەوانێتی جامی ئاسیا، عێراق لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەرووی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور ببێتەوە، یارییەکە رۆژی شەممەی داهاتوو لە کاتژمێر ٤ـی ئێوارە ئەنجام دەدرێت.
هەڵبژاردەی عێراق لە گرووپی چوارەمی پاڵەوانێتی ئاسیا، هاوشانی هەڵبژاردەکانی (یابان، ئیندۆنیزیا، ڤێتنام) یاریی دەکات.