هەولێر – ڕۆژگار ئیسماعیل، هاوڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی کۆرێ لە قەزای پیرمام، خاوەنی حاڵەتێکی پزیشکی دەگمەنە کە پێی دەوترێت”دێکسترۆکاردیا”، بەجۆرێک دڵی لەلای ڕاستی سنگیەتی نەک چەپ.
ڕۆژگار ئاشکرای دەکات کە لە منداڵیدا و لە کاتی سەردانێکی بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکان بۆ یەکەمجار پێیان ڕاگەیاندووە کە دڵی لەشوێنی ئاسایی خۆیدا نییە، ئەم بابەتە لە سەرەتادا جێگەی سەرسوڕمانی پزیشکەکان بووە، تا دوای پشکنینی تیشک (ئەشیعە) دڵنیابوونەتەوە.
بە وتەی خۆی، تا تەمەنی ٢٥ ساڵی ژیانێکی ئاسایی هەبووە، بەڵام دواتر کێشە تەندروستییەکانی دەستیپێکردووە. لە کاتی ماندووبوون وکارکردندا تووشی ئازار و خێرا لێدانی دڵ دەبێت، کە وایکردووە نەتوانێت کاری قورس ئەنجام بدات.
یەکێک لە ئەزموونە جیاوازەکانی ڕۆژگار، کاتێک بووە کە بۆ هێڵکاری دڵ (تەخطیت) سەردانی پزیشکی کردووە و کارمەندی تەندروستیباوەڕی بەوە نەکردووە کە دڵی لەلای ڕاست بێت، تا دوای چەندین هەوڵ و گۆڕینی ئامێرەکان، ڕاستی حاڵەتەکەی بۆ دەرکەوتووە.
ڕۆژگار ئاماژە بەوەش دەکات کە چەند جارێک بەهۆی حاڵەتی لەناکاوەوە، وەک قورگ گیران بە پارچەیەک گۆشت، تووشی تەنگەنەفەسی وئازاری توند بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
دێکسترۆکاردیا حاڵەتێکی زگماکی دەگمەنە کە تێیدا دڵ لەلای ڕاستی سنگدا جێگیر دەبێت، لە هەندێک کەسدا هیچ نیشانەیەکی نییە وژیانێکی ئاسایی دەژین، بەڵام لە هەندێکی تردا لەوانەیە لەگەڵ کێشەی دیکەی دڵ و سییەکاندا بێت.