ئەربیل لایف – هەولێر
لە چوارچێوەی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمەودوا شوفێران دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPass)ـەوە، ئاگاداری سزاکانی سەر ئۆتۆمبێلەکانیان بن.
وردەکارییەکانی خزمەتگوزارییەکە: وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری (DIT)، وەک قۆناغی یەکەم داتای سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی تابلۆی هەولێر (کۆدی ٢٢)ی خستووەتە سەر ئەپڵیکەیشنەکە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا تابلۆی پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە زیاد دەکرێن.
چۆنێتی بەکارهێنان: بۆ سوودمەندبوون لەم خزمەتگوزارییە، پێویستە لەسەر هاووڵاتیان:
١. ئەپڵیکەیشنی فەرمی (KRDPass) دابەزێنن یان ئەپدەیت (Update) بکەنەوە.
٢. لە بەشی خزمەتگوزارییەکان، بژاردەی “ئۆتۆمبێلەکانم” هەڵبژێرن.
٣. زانیاری ئۆتۆمبێلەکەیان داخڵ بکەن بۆ بینینی سەرپێچییەکان.
ئامانجی ئەم هەنگاوە ئاگادارکردنەوەی شوفێرانە لە بڕی سزاکانیان و پابەندبوونی زیاتر بە ڕینماییەکان، هاوکات بڕیارە لە داهاتوودا پرۆسەی پاکتاوکردنی سزاکان (پارەدان) هەر لە ڕێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت.

