هەولێر – ئەربیل لایف
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا گەشتی سەرجەم حاجیانی ئەمساڵی هەرێم تەنها لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بێت و گەشتی وشکانی بەتەواوی لابرا.
دوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دیراسەیەکی وردی بۆ نرخەکان کرد، دەرکەوت جیاوازی نرخی نێوان گەشتی وشکانی و ئاسمانی تەنها نزیکەی ٥٠٠ هەزار دینارە.
بۆیە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و دوورکەوتنەوە لە ماندووبوونی ڕێگای وشکانی، بڕیاردرا سەرجەم گەشتەکان بە فڕۆکە بن.
وردەکارییەکان:
- سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەی ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە.
- لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە.
- دوای ئەم بڕیارەی هەرێمی کوردستان، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقیش ڕێژەی گەشتی وشکانی کەمکردەوە و تەنها ٥ هەزار حاجی لەسەر ئاستی عێراق بە وشکانی دەچن، بەڵام بۆ حاجیانی هەرێم گەشتی وشکانی سفر کراوەتەوە.
ئێستا ئامادەکارییەکان لە قۆناغی کۆتاییدان بۆ ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیان بە باشترین شێوە و دوور لە کێشە بەڕێوەبچێت.

