ئەربیل لایف – هەولێر
لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنی، بڕیاردرا پڕۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان بکرێتە ئەلیکترۆنی و بۆ ئەو مەبەستەش ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ بریکارەکانی خۆراک بڵاوکرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی “ئەربیل لایف”، ئاگاداری گشت بریکارەکانی خۆراکی ناو شار لە بنکەکانی (٢٠١ تاکو ٢١٢) کراوەتەوە، کە پێویستە بە زووترین کات سەردانی کۆمپانیای دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی بکەن.
ئەم هەنگاوە ئەو هاوڵاتییانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا کارتی سووتەمەنییان دەرنەهێناوە. ئامانجی سەرەکی ئەم ئاگادارییەش ئەوەیە کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دابەشکردنی بتلی غازی ماڵان بە تەواوی دەبێتە سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی و تەنها لەو ڕێگەیەوە هاوڵاتییان دەتوانن غاز وەربگرن.
داوا لە بریکارەکان و ئەو هاوڵاتییانەی کارتیان نییە دەکرێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر گرفتێک لە کاتی وەرگرتنی غاز، لە زووترین کاتدا مامەڵەی دەرهێنانی کارتەکانیان تەواو بکەن، چونکە بەبێ کارتی ئەلیکترۆنی سوودمەند نابن لە وەرگرتنی غاز بە نرخی حکومی.

