ئەربیل لایف – هەولێر
مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، یاداشتێکی پێشنیازی ئاراستەی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد بۆ ڕێکخستنەوەی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦).
گرنگترین پێشنیازەکان ئەمانەن:
١. درێژکردنەوەی پشوو و ساڵنامەی خوێندن: بۆ گونجاندنی لەگەڵ دۆخی سیاسی و جێگیربوونی ئارامی.
٢. بەهێزکردنی خوێندنی دیجیتاڵی: کاراکردنی پلاتفۆرمەکان و تۆمارکردنی وانەکان بۆ ئەوەی قوتابیان لە ماڵەوە سوودی لێ ببینن، بەتایبەت ئەو خێزانانەی توانای کڕینی ئامێری زیرەکیان نییە.
٣. چارەنووسی تاقیکردنەوەکان:ئەگەر دەرگای ناوەندەکانی خوێندن نەکرانەوە، پێشنیاز کراوە سێ مانگی چڕوپڕ دیاری بکرێت بۆ تاقیکردنەوەکان نەک ساڵەکە بڕوات.
٤. قۆناغە کۆتاییەکان: جەختکراوەتەوە کە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن.
٥. خوێندنی باڵا و کرێی خوێندن: داوا کراوە کێشەی هێڵی ئینتەرنێت بۆ قوتابیان چارەسەر بکرێت و بەهۆی قەیرانی داراییەوە، داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و قوتابخانە ئەهلییەکان بکرێت.
ئەم دەستپێشخەرییەی یەکێتی قوتابیان وەک هەوڵێکە بۆ پاراستنی دواڕۆژی قوتابیان و ڕێگریگرتن لە فەوتانی ساڵێکی خوێندنیان لە سایەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە بووەتەوە.

