ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە (٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ لەمەودوا شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵیی (ئی-پسوولە)ـەوە کرێی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکانیان بدەن و لە بەرامبەریشدا بە ڕێژەی ٢٠٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت.
لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن کرێی خزمەتگوزارییەکانی وەک: کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، کرێی تابلۆکان، و ڕیکلامی تەلەڤیزیۆنی و لەیزەری لە
ڕێگەی ئەو سەکۆیەوە بدەن. ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی کات بۆ هاووڵاتییان و خاوەنکاران و ئەزموونێکی ئاسان و خێرایان بۆ دابین دەکات.
بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەکە، هاووڵاتییان دەتوانن سوود لەو بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییانە وەربگرن کە مۆڵەتیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پێ دراوە و هاوبەشی سیستەمی (ئی-پسوولە)ن، لەوانەش: (ئاسیا پەی، فاست پەی، بانکی ئێف ئای بی، ناس واڵێت، زەین کاش، بانکی ئای ئای بی، بانکی جیهان، بانکی ئێن بی ئای، بانکی ئاڕ تی بی).
جێی باسە، پڕۆژەی (ئی-پسوولە) یەکێکە لە بەرنامە داراییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم دێت بۆ فراوانکردنی گشتگیریی دارایی و پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی.

