ئەربیل لایف – هەولێر
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم فەرمانبەران و هاووڵاتییان کرد و ڕایگەیاند؛ بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و “زەویی کارت” قەدەغەیە تا ئەو کاتەی بە فەرمی تۆمار دەکرێن و دەبنە تاپۆ.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کراوە، شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە پشتبەست بە بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی و ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن بکرێت پێش تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی. تەنیا دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان و سەربەخۆبوونی موڵکەکە، خاوەنەکەی مافی فرۆشتنی دەبێت.
شارەوانیی هەولێر هۆکاری دەرکردنی ئەم ئاگادارییەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە تێبینییان کردووە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەوییان بۆ دەرچووە، پێش تەرخانکردنی فەرمی دەستیان کردووە بە فرۆشتنی کارتەکانیان.
شارەوانی هۆشداری دەدات کە ئەم کارە نایاساییە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی. هاوکات داوا لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکات بە وریاییەوە کار بکەن و خۆیان لەو مامەڵانە بەدوور بگرن، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵدەگرن.
جێی باسە، لە کۆی ٨٢ هەزار فەرمانبەر کە لە سەنتەری شاری هەولێر ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا ٥٥ هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوون و کارکردنیش لەسەر قۆناغەکانی داهاتوو بەردەوامە.

