ئەربیل لایف – هەولێر
لە شاری هەولێر، دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکان، هەردوو بەشی نەشتەرگەریی قورگ و لووت و گوێ و نەشتەرگەریی جوانکاری و ڕێککاری لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری، بە فەرمی دەستیان بە کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی گشتگیری نوێکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاریدا و بە سەرپەرشتی و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
لە کارەکانی نۆژەنکردنەوەکەدا، وێڕای نوێکردنەوەی بناغە و ژێرخان و دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی بە گوێرەی پێوەرە جیهانییە هاوچەرخەکان، دەزگای تایبەتی پاککردنەوە و هەواگۆڕکێ لە هۆڵەکانی نەشتەرگەریدا دانراوە. ئەمەش بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی پاک و ڕێگریکردن لە پیسبوونی هەوا و هەوکردن گرنگییەکی زۆری هەیە.
ئێستا، بە پشتبەستن بە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستیی شارەزا، هەموو جۆرە نەشتەرگەرییە تایبەتمەندەکانی قورگ و لووت و گوێ و جوانکاری و ڕێککاری، لەگەڵ چەندین نەشتەرگەریی دەگمەن لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا، لەم بەشانەدا بۆ هاووڵاتییان و چارەخوازان دەکرێن.

