ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر و بە یاوەریی پۆلیسی شارەوانی، ١٠ هەزار ڤەیپ و ١٢٠ کارتۆن یاریی ئاگرین لە شوێنێکی تایبەت و دوور لە ئاوەدانی لەناوبران. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی لیژنەکانی چاودێری بوو بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و گیانی هاووڵاتییان، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شوێنە جیاوازەکانی شارەکەدا دەستیان بەسەردا گیرابوو.
قایمقامیەتی هەولێر پێداگریی لەوە کردەوە کە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە یارییە ئاگرینەکان و ڤەیپ بە شێوەی نایاسایی و بێ مۆڵەت بە تەواوی قەدەغەیە؛ چونکە جگە لە زیانی تەندروستی، دەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی نەخوازراویش دروست دەکەن.
هەروەها ڕایگەیاند کە لیژنە هاوبەشەکان و پۆلیسی شارەوانی لە گەڕان و پشکنینەکانیان لە بازاڕ و کۆگاکاندا بەردەوام دەبن و هەر کەس و لایەنێک سەرپێچیی ڕێنماییەکان بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.

