ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و نوێنەرانی فەرمانگە ڕاژەکارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی پرسی لافاو و چۆنیەتیی ئامادەکارییە پێشوەختەکان بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دەستەیەک لە ئەندازیاران و شارەزایان بە پشتبەستن بە زانیاری و نەخشەی زانستیی بەرزی و نزمیی زەوی، هەموو ئەو ناوچە و گەڕەکە هەستیارانەیان خستە ڕوو کە ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت. هاوکات ڕێکارە زانستییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان پێش هاتنی شەپۆلەکانی بارانبارین دیاری کران.
لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە ئەندازیاران، شارەزایان و گشت دەستە ڕاژەکارییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ژیان و سامانی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانیانە؛ بۆیە پێویستە هەموو فەرمانگەکان بە هاوکاری و هەماهەنگییەوە ڕێکارە پێویستەکان بگرنە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

