ئەربیل لایف – هەولێر
لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەوە، بەهۆی نەگەیشتنی هێمای دڵنیایی بۆ هێڵەکانی کۆڕەک، بەشێک لە کاروباری تۆماری سەرهێڵی خۆراک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە وەستاوە و گرفت بۆ هەزاران هاووڵاتی دروست بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەرانی پسوولەی خۆراک لە هەر چوار پارێزگاکە، ئەو بەشداربووانەی هێڵی کۆڕەکیان هەیە و داواکارییەکانی وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە، گۆڕینی ژمارەی پەیوەندی یان وەرگرتنەوەی هێمای لەبیرچوو پێشکەش دەکەن، هێمای دڵنیاییان بۆ ناگەڕێتەوە. بەڵام ئەو کەسانەی هێماکەی خۆیان لەبیر ماوە، دەتوانن بێ گرفت بەرنامەکە بەکار بهێنن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا نزیکەی 265 هەزار کەس لە دهۆک و 110 هەزار کەس لە هەڵەبجە تۆماری سەرهێڵی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە و بەهۆی ئەم گرفتەوە کاروباری زۆرێک لە هاووڵاتییان ڕاگیراوە؛ زۆربەی سەردانیکەرانی ئێستاش داوای گۆڕینی ژمارەی پەیوەندییەکانیان دەکەن.
لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە کێشەکە لە تۆڕی کۆڕەکەوەیە یان لە بەرنامەی تۆمارکردنەکەدایە. بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێش، تۆڕی کۆڕەک و هەردوو وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگادار کراونەتەوە و لەسەر هێڵن.

