لەم نووسینەدا نوسەر و وەرگێر چۆلی فایەق بە کورتی باسی مانای وشەی فەعۆ و چەند وشەیەکی تر دەکات لە ناو زاراوەی هەولێریدا.
فەعۆ: ئەگەر بزانی جوان لەنێو (پەرەگراف)ی نووسینێ بیمەزرێنیت (تەوزیفی بکەیت) مەبەستەکی زۆرت لەبۆ دەپێکیتن. لە هەولێرێ، فەعۆ لۆ: کەسەکی گێل، ساویلکە، کاڵفام، نەزان و بێسەواد، بەکاردێتن. بەو کەسانەش دەگۆترێت، کە شەقاوە، سەرسەری، بێ ئەتەکێت و بێ کەسایەتیین.
ڕیشەی وشەکە لە کەسەکەوە هاتییە، ناوی (فەرحان)بوو، لە مابەینی گەرەکی (مەنتکاوە) و (باداوە) جڕتوفرتی بوو و دەژیا، کەسەکی کاڵفام و ساویلکه و بێوەی بوو، خەرکەکە، تایبەت منداران، بە (فەع-ح-ۆ) گازیان دەکرد،
ئەو دیارە زمانەوانییە (اسم التصغیر)ە ، لە عارەبییش هەیە لەبۆ خۆشەویستی یان جاروبار تانەلێدان، ناوەکە گچکە دەکرێتەوە. وەک ئەوەی فاتیمە دەبتە فەتوم و فاتم، عائیشە دەبتە عایش. لە کوردییش فاتێ و عەیشێ. کە فەرحان بوویتە فەحۆ، مستەفاش دەکرا مچۆ، عەبدوڵاش عەوڵا و عەبۆ، بارزانیش بارۆ… ئۆجا بە هۆی جێگۆرکێی سرووشتیی هەردوو پیتی “ح” و “ع” دوایێ بوو بە (فەعۆ) و ئیدی وشەکە بە (فەعۆ) ڕۆیشت و ئێستە وەک (تێرم) و چەمک و دەستەواژەی لێهاتییە، کینایەت لەو ڕەوشت و ئاکار و کەسانە دەکات کە لەسەرێ ئاماژەم پێداینە.
-تەعۆ: بارتەقای ۷ (فەعۆ)یانە، ئەوەی حەفتجار زێتر لە فەعۆیایەتیی ڕۆچووبیتن. -قەپچۆ: بارتەقای (۳۰) فەعۆ و شەقاوەیە، کەسەکە سیجار لە فەعۆ و شەقاوەتیی، لەپێشتر بێت. – وشەی (شەحتۆ)شمان هەیە، نازانم ئەویان کوو هاتییە، پێدەچی لە (شحات) میسرییەوە هاتبی کە ئەویش لۆ کەسەکی شڕوشەپڕێو، بەکاردێتن.
لە هەولێرێ دوو وشەی دیکەشمان هەن، کە ئەوان بە بنەچە هیی برا تورکمانەکانن، (قورمساغ) یانیی فێرزان و زۆڵ و تەڵەکەباز. (یاغنیش)یش یەعنی غەشیم و گێل و فەقیرحار. ڕەنگە باس و دەربرینەکان سادە و دوور لە فیکر بن، بەران ئەوە کەلەپووری میللییە، دەبی وەک خۆیان، بگوازرێنەوە. لەناو کتێبی خۆمیش بەکارمهینایە.