بڕیار وایە لەو مانگدا پیکەری ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی ( گادگرۆس )ـە لە چوارڕیانی شەقامی ئیسکان لە هەولێر نۆژەن بکریتەوە.
ئامادەکردنی: دێبەر ئەیوب

ئەوە وێنەی ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی ( گادگرۆس )ـە کە پەیکەری لە چوارڕیانی شەقامی ئیسکان لەشاری ھەولێر دانراوە. بەڵام لە کاتی پاشەکشێی ھێزەکانی پێشمەرگە و جەماوەر لەشاری کەرکوک لەشەوی (٢٩/٢٨-٣-١٩٩١ ) گادگرۆس و دوو ڕۆژنامەنووسی بیانی تر بەناوەکانی ( ئالاین بو، فرانك سمیپ ) و پێشمەرگەیەکی گەنج کە وەرگێڕیان بوو بەناوی ( بەختیار عەسکەری ) بەدیلی دەکەونە دەست سوپای بەعس و گادگرۆس و بەختیار عەسکەری دەستبەجێ گوڵڵەباران دەکرێن.
ئەم پەیکەرەی گادگرۆس کە لەشەقامی ئیسکانی شاری ھەولێر دانراوە ، لەسەر داوای دایکی گادگرۆس ( ئەدێپ گرۆس ) لەلایەن پەیکەرتاشی بەناوبانگی کورد ( شوان کەمال )ـەوە دروست کراوە لەساڵی ( ١٩٩٣ ).
گادگرۆس کێیە؟ ڕۆژنامەنووس (گادگرۆس) لە ساڵی ( ١٩٦٤ ) لە ڕۆمانیا لەدایک بووە و بەڕەچەڵەک ئەڵمانین و لەتەمەنی ( ١٠ ) ساڵیدا لەگەڵ دایکی گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا ، دەرچووی زانکۆی ( هارڤارد ) بوو ، له ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان لەساڵی (١٩٩١) وەک ھەر ڕۆژنامەنووسێکی تری بیانی خۆی و کامێراکەی ڕووی کردە کوردستان بۆ وێنەگرتن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕاپەڕینەکە تاوەکو کێشەی کوردی ستەمدیدە بە جیھانی دەرەوە بناسێنێت.