لە دواین ئاگادارکردنەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هۆشداری دا بە هاوڵاتیان سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپێک کە لە خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کار دەکەن.
ئەم گرووپە لە ڕێگەی دروستکردنی هەژماری ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەوڵی فێڵکردن لە خەڵک دەدەن.
گرووپەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە 100 دۆلاری ئەمریکی بە 132,000 دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەنیازی گەشتکردنن.
ئەوان لە ڕێگەی واتساپەوە پەیوەندی بە قوربانییەکانەوە دەکەن و داوای بەڵگەنامەی کەسی وەک پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی و کارتی بانکی دەکەن.
پاشان، داوای کۆدی نهێنی هەژماری بانکی دەکەن کە بەهۆیەوە دەتوانن دەست بەسەر پارەی قوربانییەکاندا بگرن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش ڕایگەیاند، کە چەندین ڕووداوی لەم جۆرە لە ماوەی ڕابردوودا تۆمار کراون و بڕێکی زۆر پارەی هاوڵاتیان دزراوە.
لەبەر ئەوە، داوا لە خەڵک دەکرێت کە خۆیان لەم جۆرە کەسانە بەدوور بگرن و متمانەیان پێ نەکەن.