ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسی گواستراوەیە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە
لە نووسینی: د. شێروان کۆساری قوتابی دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناوی
نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون چییە ؟
ڕەنگە لەم ڕۆژانە، کەم تا زۆر لە سۆشیەڵ میدیاکان هەواڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموونمان بیستبێ یان بەرچاو کەوتبێ ، بەهۆی ئەوەی نەخۆشیەکە دەگمەنە بۆیە خەڵک زانیاریەکی وایان لەسەر نیە، بۆیە پێم باش بوو بە کورتی هەندێک زانیاریتان عەرز بکەم لەسەر ئەو نەخۆشییە. ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسی گواستراوەیە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بۆ یەکەمین جار ئەو نەخۆشییە لە ساڵی 1970 لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات دەستنیشانکرا، لە ساڵەکانی 2003 و 2022 چەند حالەتێکی تر دەستنیشان کراون لەو نەخۆشییە، کۆتا جار ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لەم ڕۆژانە چەند تووشبوویەکی نوێی بەو نەخۆشییە ڕاگەیاند و وەکو مەترسیەکی جیهانی ناساندی و باری نائاسایی ڕاگەیاند. چۆن دەگوازرێتەوە ؟
لە ئاژەڵی توشبوو بەڤایرۆسەکە بە تایبەت (مەیمون ، جورج، مشک، سمۆرە ، کەروێشک ، ژووشک ، مامز) : لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە لیک و خوێن و پاشەڕۆو میزو گۆشتی ئاژەڵەکە.
لە کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە: بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە برینی پێست (ئاوڵە)، لیک، خوێن یان هەر شلەمەنییەکی جەستەی نەخۆشەکە، لە ڕێگەی سێکس، لە ڕێگەی باوەش و ماچ کردن، دەکرێ لە ڕێگەی هەناسەشەوە بگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ و لە مەودایەکی نزیک قسەی لەگەڵ بکەی.
لە ئافرەتێکی دووگیانەوە بۆ منداڵەکەی ناو سکی دەگوازرێتەوە نیشانەکانی چین ؟ وادەی توشبوونت بە ڤایرۆسەکە تاوەکو دەرکەوتنی نیشانەکان لە نێوان 4 بۆ 20 ڕۆژە. سەرەتا بە تــا دەست پێدەکات ، پاشان بە تێپەڕبوونی کات کەسەکە کۆمەڵێک نیشانەی تری لەسەر بەدیاردەکەوێ وەکو (لەرز ، ئارەق کردنەوە ، سەرئێشە ، پشت ئێشە ، بێتاقەتی ، نەمانی ئیشتیهای خواردن، قوڕگ ئێشە ، هەناسەتەنگی، کۆکە). ئەستووربوون و گەورەبوونی لیمفە گرێیەکان یەکێکە لە نیشانە باوەکانی ئەم نەخۆشییە، بە تایبەت لیمفەگرێیەکانی مل و چەناگە و حەوزو دەوروبەری کۆم. دەرکەوتنی ئاوڵە لە پێست یەکێکی ترە لە نیشانە سەرەکیەکانی ئەو نەخۆشییە، سەرەتا لە دەم و چاو بەدیاردەکەوێت پاشان بە هەموو جەستەدا بڵاودەبێتەوە.
چۆن دەستنیشات دەکرێ ؟
لە ڕێگەی پشکنینی PCR چۆن چارەسەر دەکرێ ؟ چارەسەرێکی تایبەت نیە بەو جۆرە ڤایرۆسە ، ئەوەی هەیە تەنها بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و ڕێگریکردنە لە دروست بوونی ماکەکانی نەخۆشیەکە، بەتایبەت لەوانەی بەرگری لەشیان لاوازەو بەتەمەنن و پێشینەی نەخۆشی تریان هەیە.
ماکەکانی نەخۆشییەکە چین ؟
* هەوکردنی مێشک * هەوکردنی دیوارەکانی دڵ * تێکچوونی کارەبای دڵ * هەوکردنی کۆم
نەخۆشییەکە هیچ مەترسییەکی هەیە ؟
ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکە 1-10% ە ، زیاتر بە هۆکاری ماکەکانی نەخۆشییەکەوە ڕوودەدەن.
چۆن خۆمان بپارێزین ؟
لە ڕێگەی وەرگرتنی ڤاکسین (تا ئێستا بەردەست نیە لە کوردستان)
دووربکەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی برین و ئاوڵەی پێستیان هەیە.
دووربکەوە لە بەکارهێنان و دەست دان لەو کەل و پەلانەی کەسێکی توشبوو بەو نەخۆشییە بەکاریهێناوە یان دەستی لێی داوە.
دووربکەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵانی توشبوو بەو ڤایرۆسە یان هەر ئاژەڵێک کە گومانی نەخۆشییەکەی لێبکرێت.
زوو زوو دەستت بە ئاوو سابوون بشۆ ، مەودایەک بەجێبهێڵە لە نێوان خۆت و هاوڕێکەت لە کاتی قسەکردن ، بەتایبەت لەوانەی گومانی نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت.