ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان، چوار بنکەی تەندروستیی لە شاری هەولێر بۆ کوتانی منداڵانی تازەلەدایکبوو دیاری کرد.
بەپێی بڕیارێکی د. دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، نەخۆشخانەی ئیماراتی، یان لە ماڵەوە بە شێوەی سروشتی لەدایک دەبن؛ پێویستە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری دوای لەدایکبوونیان، بەپێی خشتەی دیاریکراو کوتانیان بۆ بکرێت.
کوتانی منداڵان بەپێی دابەشبوونی جوگرافی لەم چوار بنکە تەندروستییەدا ئەنجام دەدرێت:
– بنکەی تەندروستیی ئازادی
– بنکەی تەندروستیی نەورۆز
– بنکەی تەندروستیی مەلا فەندی
– بنکەی تەندروستیی نافیع ئاکرەیی
پێشتر کوتانی منداڵانی تازەلەدایکبوو تەنیا لە نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان ئەنجام دەدرا، بەڵام بەم هەنگاوە نوێیە ڕێگری دەکرێت لە دروستبوونی پاڵەپەستۆ و دڵنیایی دەدرێت کە هیچ منداڵێک لە کوتان بێبەش نابێت.
تەندروستیی هەولێر داوا لە دایک و باوکان دەکات منداڵەکانیان لە کاتی دیاریکراودا بۆ کوتان ببەن، چونکە کوتان گرنگترین هەنگاوە بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییە گوازراوەکان.

