پرۆسەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد و جێگری پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند، ئەمساڵ 122 هەزار و 60 تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت و بۆ کارئاسانیش بنکەیەکی نوێ لە کۆیە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-06-2025، دوای ئەوەی لیژنەی باڵای بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای هەولێر رۆژی 12ی حوزەیرانی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە دیاریکرد، ئەمڕۆ هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەکە، بە ئامادەبوونی هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی پەیوەندیدار، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی هەولێری کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بێت.
هێمن قادر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە کرد و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پلانی ئەمساڵی لیژنەکەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران خستەڕوو و رایگەیاند: “تەئکید لەسەر رێکخستنی پرۆسەکە و پابەندبوونی جووتیاران بە رێنماییەکان دەکەینەوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.”
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “پێداگیری لەسەر شێوازێکی دادپەروەرانە دەکەینەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ جووتیاران و دڵنیایی دەدەین کە پرۆسەکە بە باشترین شێوە بەڕێوەدەچێت.”
پرۆسەی وەرگرتنی گەنم ساڵانە بە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەمساڵ بڕی 122 هەزار و 60 تۆن گەنم بۆ وەرگرتن لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دیاریکراوە.
هاوکات وەک کارئاسانییەک بۆ جووتیارانی سنووری قەزای کۆیە، بڕیاردراوە بنکەیەکی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لەو قەزایە بکرێتەوە.