هەولێر، کوردستان – لەپێناو کەمکردنەوەی بێکاری و ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، سەنتەری ڕاهێنانی خول و دەستەوەری کۆمەڵایەتی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلاتفۆرمی فەرمی و نوێی “هەلی کار”ی ڕاگەیاند.
ئەم پلاتفۆرمە، کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە دەستی بە کارکردن کردووە، ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاوڵاتیانی بێکار و خاوەنکارانە لە دۆزینەوەی هەلی کار و کارمەندی گونجاو لە سەرتاسەری هەرێمدا.
محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ئەربیل لایفی ڕاگەیاند کە پلاتفۆرمەکە ئاسانکارییەکی زۆری بۆ هاوڵاتیان دابین کردووە و تەنها بە سکانکردنی کۆدی QR دەتوانن خۆیان وەک بێکار یان خاوەنکار تۆمار بکەن، بەپێی وتەکانی ناوبراو، تا ئێستا نزیکەی ٦٠٠٠ کەس خۆیان تۆمارکردووە و لەو ژمارەیە، ٢٠٠ لۆ ٣٠٠ هەلی کاریان لۆ دۆزراونەتەوە. هەروەها، ٧٠٠ لۆ ١٠٠٠ هەلی کار پێشکەش کراون، کە لە کۆتاییدا ٣٠٠ لۆ ٣٥٠ کەس دەستیان بە کارکردن کردووە.
پلاتفۆرمی “هەلی کار” چەندین خزمەتگوزاری گرنگ پێشکەش دەکات، لەوانە خولەکانی ڕاهێنانی بێبەرانبەر لۆ بەرزکردنەوەی تواناکان و دابینکردنی هاوکاری دارایی لۆ خەرجی هاتووچۆ و خواردنی بەشداربووانی خولەکان، لۆ چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێکیش، هێڵێکی گەرم بەردەستە و لیژنەی تایبەت بە بەردەوامی سەردانی کۆمپانیا و پڕۆژەکان دەکەن، ئەم خزمەتگوزارییە گشتگیرانە لە سەرانسەری کوردستان، لە زاخۆوە تا گەرمیان، بەردەستن بۆ هەموو هاوڵاتیان.
ئەم پلاتفۆرمە ڕێگە بە خاوەنکاران دەدات بە ئاسانی و بە سکانکردنی کۆدی QR، زانیارییەکانی کاری خۆیان تۆمار بکەن، خاوەنکار دەتوانێت جۆری کارەکە، تایبەتمەندییەکانی کەسی پێویست لۆ کارەکە، بڕی مووچە، ناونیشان و شوێنی کارەکە، و هەر شارەزاییەکی دیکە کە پێویستە، لەسەر پلاتفۆرمەکە بنووسێت، ئەم خزمەتگوزارییە ئامانجیەتی پرۆسەی دۆزینەوەی کارمەندی گونجاو بۆ خاوەنکاران ئاسان بکات و پردێک لە نێوان بێکاران و دەرفەتەکانی کاردا دروست بکات.