ئەربیل لایف – هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/١/٦، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە دیوانی پارێزگا سەبارەت بە پڕۆژەی دروستکردنی “سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو” لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانی، هاتووچۆ، کەشناسی، ئاودێری و ناوەندی قەیرانەکان ئامادەی بوون، پڕۆژەکە لە ڕێگەی پرێزنتیشنێکی زانستییەوە خرایە ڕوو. بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەکەمین شار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە خاوەنی سیستەمێکی لەو شێوەیە بێت بۆ پێشبینیکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو.
ئەم سیستەمە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە کار دەکات و ئامانجی سەرەکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە ئەگەری بارینی بارانی زۆر و دروستبوونی لافاو.
سیستەمەکە زانیاری وردی کەشناسی بڵاودەکاتەوە، ناوچە مەترسیدارەکان دیاری دەکات و ڕێنمایی پێویست دەداتە هاووڵاتیان بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان.
پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە تیمەکان کرد بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە ساڵانی ڕابردوودا و جەختی لە پاڵپشتی تەواوی پارێزگا بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت بۆ دیراسەکردنی زیاتر و خێراکردنی هەنگاوەکانی دامەزراندنی سیستەمەکە پێکبهێنرێت.
ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێکاری زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دوورخستنەوەی مەترسییە سروشتییەکان لەسەر پایتەخت.

