ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، پلانێکی نوێ و توندی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ڕاگەیاند کە تێیدا بە شێوازی جیاواز چاودێری شەقامەکان دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی هاتووچۆی هەولێر، تیمەکانیان جگە لە ئۆتۆمبێلی فەرمی (میری)، بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی (تابلۆی شارستانی)ـیەوە لەسەر شەقامەکان، ترافیکەکان و بازگەکان چاودێری جێبەجێکردنی یاسا دەکەن و ڕاستەوخۆ سەرپێچیکاران سزا دەدەن.
گرنگترین ئەو سەرپێچییانەی سزاکانیان توند کراوەتەوە:
- دەستبەسەرداگرتن: هەر ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ، تابلۆی ساختە، جام ڕەشکراوی بێ مۆڵەت، دەستکاریکراوی گزۆز و ئەوانەی “نەشرە و فلاشەر” بەکاردەهێنن، دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
- سزای دارایی: بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی (لە ناو شار و دەرەوەی شار)، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
- دادگا: هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت شۆفێری بکات، ڕەوانەی دادگا دەکرێت.
- ماتۆرسکیل: دەبێت هەردوو تابلۆی پێوەبێت و شۆفێر کڵاوی سەلامەتی و مۆڵەتی هەبێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزا دەدرێت.
هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە شۆفێران کە شەقام موڵکی گشتییە و لەپێناو سەلامەتی هەمووان، چاودێرییەکان چڕ دەبنەوە و چاوەڕوانی پابەندبوونی تەواوی شۆفێرانن.

